دوابەدوای گڕ گرتنی شاخەکانی ئاویەری سنە لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژ و نەبوونی هیچ هەوڵ و تێکۆشانێکی کاربەدەستانی حکومەتی، خەڵکی شارەکە و بەتایبەت ژینگەپارێزانی ڕێکخراوی شنەی نەوژین کەوتنە کار بۆ نەجاتی شارەکە و ژینگەی ئاویەر. لەو هەڵمەتی ئاگرکوژاندنەوەیەدا بەداخەوە ٧ کەس بە ناوەکانی حەمید مورادی، موحسن حسێن پەناهی، مستەفا هووژەبری، خەبات ئەمینی، کەیوان مەنسووری، ئاریاس سەلیمی و چیاکۆ یوسف نژاد بە توندی بریندار بوون و دواتر گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری شاری سنە. شەوی ڕابردوو زۆرێک لە چالاکان و خەمخۆرانی ژینگە دۆستی کوردستان بەدەم ئەو هاوڕێیانەوە چوون و لە بەردەم نەخۆشخانە کۆ بوونەوە. بەداخ و پەژارەی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژینگەپارێزی هەڵسووراوی شاری سنە حەمید مورادی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی شنەی نەوژین بە هۆی سەختی برین و سووتاویەکەی گیانی لەدەستدا. هەروەها هەواڵی ئەوە هەیە کە چەند کەسی دیکەش لە بریندارەکان باری تەندروستیان ناجێگیرە.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە وێڕای سەرەخۆشی گەرم لە بنەماڵەی ئازیزی کاک حەمید، هاوڕێیانی و هەموو ژینگەپارێزانی کوردستان، هەروەها هیوای چاک بوونەوە بۆ بریندارانی ئەو ڕووداوە. ڕایدەگەیێنێت کە وەباڵی ئەو کارەساتە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیە کە نابەرپرسانە و بەکەمتەرخەمییەوە نە پێش بە ڕوودانی کارەساتی پێشبینی کراوی لەو چەشنە دەگرێت و نە لە کاتی ڕووداوەکانیشدا هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە و لە پاشان پاراستنی خەڵک و دانیشتووانی ناوچەکە دەدات.
ئێمە کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو قەیرانە ژینگەییانە دەزانین کە یەک لە دوای یەک بەرۆکی خەڵکی ئێران و کوردستان دەگرن، قەیرانەکانی کەم ئاوی، ڕۆچوونی خاک، ئاگەر کەوتنەوەی دارستانەکان و زۆر بواری دیکەی لەو چەشنە و نەبوونی هیچ پلانێک بۆ چارەسەریان بوونەتە هۆکاری ئەوەی خەڵک بۆخۆیان و بە دەستی خاڵی ناچار بن هەوڵ بۆ چارەسەر بدەن، کە ئەوەش بەداخەوە زۆر جار کارەساتی لە چەشەنی ئاویەری سنەی لێدەکەوێتەوە و گیانی ژینگەپارێزان و خەڵکی ئاسایی دەکەوێتە مەترسیەوە.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٥ی ژوئییەی ٢٠٢٥ی زایینی