سێ ساڵ بەسەر کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچێکی کورد کە بە دەستی هێزەکانی (گەشتی ئێرشاد) لە تاران گیانی لەدەستدا، تێدەپەڕێت. ئەم تاوانە لە ٢٥ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بوو بە پڕیشکی دەستپێکی یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوە هاوچەرخەکانی ئێران. یەکەم کردەوە و دروشمی ناڕەزایەتی لە پرسەی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی سەقز دەنگی دایەوە و تەنیا چەند کاتژمێرێک دواتر، ئەم توڕەییە ڕژایە سەر شەقامەکانی شارەکانی دیکەی کوردستان. ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی بۆ شارەکانی دیکەی ئێران تەشەنەی کرد، بۆ ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو و سنوورە جوغرافییەکانی بەزاند. ئەم بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و شۆڕشێکی کلتووری، بوو بە گەورەترین و بەربڵاوترین ڕاپەڕین لەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی.
دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لە بەها مرۆڤایەتی و پێشکەوتنخوازەکان و بەدوور لە ڕەگەز، نەتەوە و بیروباوەڕ و مافە ڕەواکان کە زیاتر لە چواردە دەیە گەلی ئێران لێ زەوت کراوە، لە دایک بووە. ئەم بزووتنەوەیە، فرەچەشنی کۆمەڵگای نەک وەک هەڕەشە بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ هاودەنگی و یەکگرتوویی گۆڕی و لە کوردستانەوە تا بەلوچستان، لە باکوورەوە بۆ باشووری ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانیشەوە دەرکەوتێکی پێشکەوتنخوازانە و شکۆمەندانەی لە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافی ژیان، ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی خستە ڕوو.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” خەباتێکی بێوچان لە دژی ئیدیۆلۆژی دەسەڵات، دوورخستنەوە و جیاکاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو و کولتوورێکی پیاوسالاری و بابسالارانەی دەستپێکرد، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی، لە سێدارەدان و ئەو تێچووە قورسانەی کە تا ئێستاش بەسەر جەستەی کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت، ئەم بزووتنەوەیە بێ ئەنجام نەبوو. ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆنەپەرست بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەرکوت هەوڵی وەرگرتنەوەی قەڵا لەدەستچووەکانی دەدات، بەڵام بزووتنەوەکە، لە ساڵی سێیەمی خۆیدا، هێشتا لەناو دڵی کۆمەڵگادا زیندوو و چالاک ماوەتەوە و بەرەنگاری کۆنەپەرەستی و سەرکوت دەبێتەوە.
لە لایەکەوە؛ لە ژێر سێبەری بەردەوامی ستەم و چەوسانەوەی ژنان، و بەرەوپێشبردنی کولتووری مەرگ و کۆیلایەتی لە جیاتی ژیان و ئازادی، دروشم و ئامانجەکانی پێشکەوتنخوازەکانی ئەم بزووتنەوەیە، لە هەموو کاتێک زیاتر پەیوەندیدارتر و ڕەواترن. خەڵک و کۆمەڵگا لە سەرەتاییترین ماف و پێداویستییەکانی ژیان، لە ئاو و بڕق و هەوای خاوێن تا دەگاتە ئەمنییەتی گیانی و بژێوی ژیان بێبەش کراون و خواستی “ژیان” بووەتە ئامانجی سەرەکی داواکارییەکانی کۆمەڵگا. ناکارامەیی و نەزانی گەیشتووەتە ئاستێک کە هەژاری، نەهامەتی و گرانی و بێکاری و نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بۆتە ڕاستییەکی تاڵ و بەردەوام بۆ خەڵک. ڕژیم لە دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لەگەڵ خەڵک و بە هەڵاواردنی فرەچەشن، هەموو ئازادییە تاکەکەسییەکان و مەدەنییەکانی زەوت کردووە و توندوتیژیی کردووە بە تاکە ئامرازی حوکمڕانی و وەڵامی هەر دەنگێکی ناکۆکی بە دەستبەسەرکردن، لەسێدارەدان و تۆقاندن دەداتەوە.
لە لایەکی دیکەوە؛ ژیانی کۆماری ئیسلامی گەیشتۆتە دوا چرکەکانی خۆی. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” دەسەڵاتی ناوخۆیی و ڕەوایی سیاسی ڕژیمی زیاتر لە جاران تێکشکاندووە، و شکستی زەلیلانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا، دەسەڵاتی ناوچەیی و هەژموونی درۆیینی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا شکاند. قەیرانی گەورەی ئابووری و ژینگەیی و ناڕەزایی کۆمەڵایەتی بەربڵاو لە ناوخۆدا، لەگەڵ ئاستەنگییەکانی ناوچەیی و جیهانی، بەڵێنی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتێکە کە زیاتر لە چوار دەیە ژیانی چەند نەوەیەکی تێکداوە.
حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، ڕێز لە یاد و ناوی “ژینا (مەهسا)” و هەموو ئەو کەسانە دەگرێت کە لە ڕێگای ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ڕێز لە ورە و خۆنەویستی ئەو کەسانە دەگرێت کە زیانیان بەرکەوتووە. حیزبەکەمان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئامانجە مرۆیی و پێشکەوتنخوازەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەتوانێت ببێتە سەکۆیەک بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکان لە داهاتوودا. هەر بۆیە هەموو چین و توێژ و پیشە جیاوازەکان، هەموو خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان و ئێران بانگهێشت دەکەین، تا لە یادکردنەوە و ڕێزگرتن لە ئەو ڕۆژە دڵتەزێن بەڵام شکۆمەندانەیەدا، بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازەکانی خەباتی مەدەنی و کۆبوونەوە، و هەروەها بە ئامادەبوون لە گۆڕی گیانبەختکردووان و بەسەرکردنەوەی بنەماڵەکانیان، جارێکی دیکە “نا” بە کۆماری ئیسلامی بڵێنەوە و بڵێسەی ئاگری ئەم بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و دژە زوڵمە، بە هەڵکراوی بهێڵنەوە. چاوەڕوانیمان لە کۆمەڵگای دەرەوە ئەوەیەکە بە بەشداریکردن لە گردبوونەوە بەرفراوانەکانی دەرەوەی وڵات جارێکی دیکە ناڕەزایەتی بە ستەم و سەرکوت دەرببڕن و هاودەنگی و یەکگرتوویی لەگەڵ گەلی ئێران دەرببڕن.
لەم ساتە گرینگەدا، کە تێپەڕبوون لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئەگەرێکەوە بۆ ڕاستییەکی مەیسەر و حەتمی گۆڕاوە، داوا لە هەموو هێزە سیاسییە لایەنگرەکانی دێموکراسی و گرووپە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان دەکەین کە کار بۆ دروستکردنی هاوپشتی و لێکتێگەیشتن لە دەوری داخوازییە ڕەوا و هاوبەشەکانی وەک ئازادی، دێموکراسی، سێکۆلاریزم، دادپەروەری، و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی چەوساندنەوە و هەڵاواردن بکەن.
هەڕوەها داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی بەڕپرس له بەها دێموکراسییەکان و داکۆکیکارانی بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، به گوشاری سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر حکوومەت و پشتیوانی له ئۆپۆزسیۆنی دیموکرات و پێشکەوتوو خواز، کۆتایی به سیاسەتی سازان و نەرمی نواندن لەگەڵ ڕژیم بهێنن و له پاڵ گەلی ئێراندا بوەستن.
لە ساڵیادی بزووتنەوەکەدا، با جارێکی دیکە، لە ڕێگەی خەباتی فرەلایەنە و کردەوەی هاوبەش و مەدەنییەوە، نیشان بدەین کە تا ئەو کاتەی ئەو دەسەڵاتە دەڕووخێندرێت و ئامانجی “ژن، ژیان، ئازادی” بەدی دێت، بەردەوام دەبین لە خەبات. داهاتوویەکی باشتر پەیوەستە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ و یەکگرتوویی ئەمڕۆمانەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی
٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٣ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی