ڕۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوری ١٤٠٤ هەتاوی )١٩ نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی) هەیئەتیكی کۆمەڵە پێکهاتوو لە هاوڕێیان کاکۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسی و عەلی ڕەنجبەری، ئەندامی کومیتەی ناوەندی سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن هەیئەتی حیزبی دێموکرات پێکهاتوو لە هاوڕێیان محەمەدنەزیف قادری و عومەر باڵەکی، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و عەلی بداغی، ئەندامی کومیتەی ناوەندییەوە پێشوازییان لێکرا.
مەبەست لەو دیدارە، وێڕای لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی کوردستان، هەروەها پتەوتر کردنەوەی پەیوەندیی دوو لایەنەی هەردوو حیزب و ڕەواندنەوەی نیگەرانی و ڕەخنەیەک بوو کە بۆ حیزبی دێموکرات هاتبووە ئاراوە.
پرسی هاوکاری و هاوئاهەنگیی حیزبەکان لە ناوەندی دیالۆگ، گیروگرفتەکان و هاوئاهەنگی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و هەروەها پەیوەندی و هاوکاریی دوولایەنەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران تەوەرێکی گرینگی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە تا ڕادەیەکی زۆر بۆچوونەکان لە یەک نزیک بوون.
بابەتێکی دیکەی کۆبوونەوەکە قسەکردن و ڕوونکردنەوە لەسەر فایلێکی دەنگی بوو کە پێشتر لە پەیوەندییەکی دووکەسیدا هاتبووە ئارا. هەیئەتی کۆمەڵە هەڵگری سڵاو و پەیامی بەڕێز کاک عەبدوڵڵای موهتەدی بۆ بەرێز کاک مستەفای هیجری سەبارەت بە پێداگری و سووربوون لەسەر دۆستایەتی و هاوکاریی نێوان ئەو دوو حیزبە بوو و هەروەها ڕوونکردنەوەی پێویستی سەبارەت بەو بابەتەش دا کە ببووە هۆکاری نیگەرانی لای بەڕێزانی حیزبی دێموکرات. هەیئەتی کۆمەڵە ئەوەی ڕوون کردەوە کە ئەو فایلە پەیوەندیی بە قسە و باسی ئەم دواییانەی ناوەندی دیالۆگەوە نیە، بەڵکوو هی پتر لە دوو ساڵ لەوە پێشە. لە هەمان حاڵدا هەیئەتی کۆمەڵە هەندێک گلە و تێبینیی خۆشی لەسەر بەعزێک لێدوانی لایەنی بەرامبەر باس کرد. بەخۆشییەوە شێوازی ڕەخنە و وەڵام لە هەر دوو لاوە دۆستانە و دڵسۆزانە بوو و لە هەردووک لاشەوە لە سەر شێوازی گونجاوی لێدوان لە دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکان پێداگری کرایەوە و بەمجۆرە ئەو بابەتە بە دیالۆگی خۆماڵی و لێکتێگەیشتنی دۆستانە چارەسەر کرا.
هەر لەو پەیوەندییەدا هەر دوو لا لەسەر گرینگیی ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و گرینگیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان ئەو دوو لایەنە بە تایبەت لە هەلومەرجی مێژوویی و هەستیاری ئێستادا کە لە هەموو کات پێویستترە، پێداگرییان کرد.
هەیئەتی هەردوولا هاودەنگ بوون کە بزووتنەوەی هەقخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێویستیی بە هاوئاهەنگی و دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بەردەوامی هەموو لایەنەکان هەیە، بە تایبەت ئەو دوو حیزبە خاوەن ئەزموونە کە لە ساڵانی پێشووترەوە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر لە پەیوەندی و هاوئاهەنگیدا بوون و ئەزموونی کاری هاوبەش و کاریگەریان زۆرە، لەو پەیوەندەدا ئەرکێکی مێژوویی گرینگیان لە ئەستۆیە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی)





