٢٥ی نۆڤامبر وەک “ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان” دیاری کراوە. لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەت، ئەم ڕۆژە ڕەهەندێکی تایبەتی لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤی هەیە، بەو پێیەی ژنان لە ئێران، جگە لەوەی بە گشتی ڕووبەڕووی توندوتیژیی جێندەری دەبنەوە، هەروەها تووشی سەرکوتی حکومەتی و هەڵاواردنی نەتەوەییش دەبن. شیکاری ئاماری بارودۆخی ژنان لە ئێران و کوردستان وێنەیەکی چەند ڕەهەندی لە توندوتیژیی پێکهاتەییمان پێدەبەخشێت.
ئامار و لێکۆڵینەوەکان باس لەوەدەکەن کە توندوتیژی دژی ژنانی لە ئێران تەنیا دیاردەیەکی تاکەکەسی یان بنەماڵەیی نییە؛ بەڵکوو بەشێکە لە پێکهاتەیەکی سەرکوت و جیاکاریی ئیتنیکی-سیاسی. سەرکوتی ژنانی سیاسی کورد، سزای قورس، لەسێدارەدان و سنووردارکردنی چالاکییە مەدەنییەکان، سەرجەمیان هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی چالاکان و نوێنەرانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی ژنانی کورد کە لە بزووتنەوە مەدەنی و مافەکانی مرۆڤدا ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی دەگێڕن. هەروەها سیاسەتەکانی دەوڵەت وەک پۆششی زۆرە ملێ و گوشاری ئایدیۆلۆژی و جیاکاری یاسایی، بەشێکن لە توندوتیژییەکی سیستماتیک کە نەک تەنیا ئازادی تاکەکەسی ژنان سنووردار دەکات، بەڵکوو ڕێخۆشکەرە بۆ توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتیش. واتە توندوتیژی حکومەتی هەلومەرجێک دەرەخسێنێت تا توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی سەر هەڵبدات.
لە کوردستاندا ٢٥ی نۆڤامبر مانای تایبەت بە خۆی هەیە: ئەم ڕۆژە هەم هێمایەکە بۆ هاودەنگی ژنانی جیهانی، هەم دەرفەتێکە بۆ ئاشکراکردنی ئەو ستەم و هەڵاواردنەی بەرامبەر ژنانی کورد دەکرێت. سەردانی کردنی گلکۆی ئەو ژنانەی بە پاساوی نامووس و شەڕەف کوژراون و قوربانی ئەو سیستمەن و هەروەها هەڵبڕینی دەنگی خۆڕاگری و یادکردنەوەی مێژووی ئازارەکانی ژنانی کورد، هەموویان دەرخەری ئەو بابەتەن کە ژنان و کۆمەڵگا بە گشتی بۆ ئەوەی توندوتیژی نەک تەنیا وەک پرسێکی جێندەری، بەڵکوو وەک پرسێکی نەتەوەیی و مافی مرۆڤ ببیندرێت و هەوڵی چارەسەری بنچینەیی بۆ بدرێت.
ئامارەکان دەرخەری ئەو بابەتەن کە توندوتیژی دژی ژنانی کورد چەندین هۆکار و سەرچاوەی سەرەکی وەک سەرکوتی سیستماتیکی حکومەت، هەڵاواردنی ئابووری و کولتووری و نایەکسانی جێندەری لە خۆ دەگرێت. هەر بۆیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەری ئەم دیاردەیە، پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ هاوکاربن لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕێکوپێک سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان، هەروەها لە بواری یاساییەوە بتوانن پاڵپشتییەکی بەهێز بن بۆ ژنانی قوربانی سەرکوت و هەڵاواردن، لەوانەش مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، دامەزراوەکانی مافی ژنان و چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ ئەو ژنانەی سزای لە سێدارەدانیان بە دەردەچێت. ناشبێت ڕۆڵی پەروەردە و ڕاهێنان لەبیر بکرێت و دەبێت کە بەرنامەی پەروەردەیی ڕێک و پێک لەسەر ئاستی ناوخۆیی بۆ کەمکردنەوەی جیاکاری جێندەری و نەتەوەیی و بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووری ژنان و گرنگی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا سەبارەت بە مافەکانی ژنان، دابڕژرێت. بە دڵنیاییەوە پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان، سازکردنی تۆڕەکانی هاوپشتی و پڕۆژە ناوخۆییەکان بۆ دەربڕین و داڕشتنی ناڕەزایەتیی ئاشتیانە و بەردەوام دژی توندوتیژی، گرنگی بەرچاوی هەیە و دەبێت کاری لەسەر بکرێت.
کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٥ی زایینی


