ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٢ی دێسامبەری ٢٠٢٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاویی، لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، سمینارێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی لەلایەن سکرتێری گشتیی کۆمەڵەوە لەژێر ناوی «کورد و ئێران، ئاسۆی ئاڵوگۆڕ و ڕووداوەکان» بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کوردستانی باشوور و دەرەوەی وڵاتی ئەم ڕێکخراوەیە بەڕێوەچوو.
سمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لەیادی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد. دوای بەخێرهاتنی بەشداربووان لەلایەن بەرپرسی کۆمەڵەی لاوانی ڕۆژهەڵات، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییە کارتێکەرەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لەوانە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا (بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی)، جەنگی ١٢ ڕۆژە و داڕمانی ئیداری و ئابووری ئێرانی شرۆڤە کرد و ئەمانەی وەک ڕووداوگەلێک کە گۆڕانکاری قووڵی لێکەوتووتەوە ناو برد. لەدرێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە دەرفەت و مەترسییەکانی بەردەم کوردستانی ڕۆژهەڵات هەروەها ئەگەر و سیناریۆکانی داهاتوو کرد و تیشکی خستە سەر کار و چالاکییە پێویست و سەراتییەکان بۆ کوردی ڕۆژهەڵات بەگشتیی و کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان بە تایبەتی.
بەشی دووهەمی وێبینارەکە بۆ دەربڕینی ڕوانگە و پرسیار و تێبینی بەشداربووان تەرخان کرابوو کە لەم بەشەشدا هاورێیانی گەنج بە گەرموگوڕی باسەکانی خۆیان پێشکەش کرد و پرسیارە ئاراستەکراوەکان لەلایەن سکرتێری گشتیی کۆمەڵە وڵام درایەوە. لە بەشی کۆتاییشدا هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی جەختی لەسەر گرنگایەتی و کاریگەریی لاوانی کورد لە پێشوەبردنی خەباتی نەتەوەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کردەوە و تێکۆشان و پێشەنگایەتی دەوری داهاتووی بە ئەرکی سەرشانی نەسلی نوێ ناوبرد.
جێگەی ئاماژەیە، پرسی تایبەت بە چۆنییەتی و چەندایەتی چالاکیی ڕێکخراوەکە و ئاڵنگارییەکانی، تەوەرێکی دیکەی باسەکان بوو کە لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێ کرا.
دەفتەری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
١٣ی دێسامبەری ٢٠٢٥ی زایینی




