ڕاگەیاندنی ژمارە ٤ی کۆمەڵە، سەبارەت بە شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی نارازی ئێران و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران پێی ناوەتە سێیەمین حەفتەی خۆیەوە. ناڕەزایەتی ڕەوا و هێمنانە کە بە داواکاری روون و ئاشکرا دەستی پێکرد بەڵام دەستبەجێ لەگەڵ سەرکوتێکی دڕندانە وکارەساتباربەرەوروو بوویەوە. تاوانێکی ترسناک کە دوابەدوای بڕیاری تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەران، تا ئێستا و بەپێی سەرچاوە خۆجێی و سەربەخۆکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە. بەڵگە سەلمێندراوەکان کە بەردەوام لە زیاد بووندان، ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی کوشتنی بەربڵاو و سیستماتیکی خەڵکی ناڕازی ئەنجامداوە و ئەم توندوتیژییە ڕێکخراو و بەپلان و بەرنامەبۆدارێژراوە هاوکات لەگەڵ هەڵبڕین و پەکخستنی پێوەندی لە رێگای ئینتێرنێت و تۆڕکان و ڕایەڵی پێوەندی گشتی زیاتر پەرەی ستاندووە.
هەرکاتێک ئاماژەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کوشتنی سیستماتیکی خەڵکی مەدەنی ڕووی داوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکی سەرشانێتی کە بەپەلە ڕێگری لە بەردەوامبوونی کوشتنەکان بکات. ئەگەرچی سەرۆکی ئەمریکا و یەکێتیی ئورووپا و وڵاتانی بەرپرسیار تا ئێستاوە هەڵوێستیان گرتووە بەلام قەبارە و ئاست و چڕی کوشتنەکان بە ڕادەیەکە کە پێویستە ڕێوشوێنی جیددیتر بگیرێتەبەر. ئێمە خوازیاری کۆتایهاتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی بەکارهاتنی توندوتیژی و سەرکوت لە دژی خۆپیشاندەران، ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان، لێپرسینەوە لە ڕژیم، دەستڕاگەیشتنی تەواو و بێ سنووری پەیوەندییەکان و دەستەبەرکردن و رەخساندنی هەڵ و دەرفەتی دەستڕاگەیشتنێکی ئازاد و بێ بەربەستی چاودێرانی سەربەخۆین بۆ یارمەتی و دەرمانی ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر. ئێمە داوا لە حکوومەتەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە هەنگاوی هاواهەنگ و کاریگەر بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بەپەلەی ئەم پارێزبەندییانە. ڕێگری لە بەردەوامبوونی سەرکوتکردن و جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی کاریگەر وەک پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بۆ ئەو کەسانەی کە بەڕوونی ڕۆڵیان لە بڕیاردان، ئاراستەکردن یان ئاسانکاریی ئەم توندوتیژییانەدا بووە، زۆر پێویستە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کوشتنی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی هێزی سەرکوتی دڕندە و کوشتار لە دژی خەڵک و توندوتیژیی ڕێکخراوەیی لە دژی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە توندی شەرمەزار دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە بنەمای ئەخلاقی “بەرپرسیارێتی پاراستن” بە شێوەیەکی کردەیی، دەستبەجێ و بەکۆمەڵ و لەسەر بنەمای میکانیزمی ڕەوایی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات. هەروەها داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات دەستبەجێ لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەدا ڕێوشوێنی گونجاو بۆ لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بگرێتەبەر بۆ تۆمارکردن و ناسینەوەی تاوانباران و لەناوبردن زنجیرەی بەرێوەبەران و بڕیاردەران و جێبەجێکارانی ئەم کۆمەڵکوژییە.
وێڕای دەربڕینی هەوخەمی و سەرەخۆشی و ڕێزگرتن لە یاد و ناوی هەموو گیانبەختکردووان، جەخت دەکەینەوە کە ئەمە ڕاگەیاندنێکی فەرمی شەڕە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵک و، کۆمەڵە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بێدەنگی و کات بە فیڕۆ دانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە واتەی هاوبەشی کردەیی لە درێژەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێ. پاراستنی گیانی خەڵکی مەدەنی ئەرکێکی مرۆیی و ئەخلاقی و یاساییە و دەبێت دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئیران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
١٤ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی


