کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان،
دڵسۆزان و خوازیارانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی!
لەسەر ئەرکی خۆمان وەک حیزبێکی ڕوون و بەرپرسیار، سەبارەت بە ناوەندی دیالۆگ و واژۆنەکردنی بەڵگەنامەیەک کە وەک هاوپەیمانییەتی پێنج لایەنە ناوی لێنراوە، بۆ ڕای گشتیی چەند پرس و بابەت بە ڕاشکاوانە باس دەکەین. ئێمە ئەو هێزە و لایەنە بووین و هەین کە بەردەوام و زیاتر لە ٢٠ ساڵە بانگەوازی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی دەکەین و ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد بە پێویست و ئەرکێکی سەرەکی دەزانین. لە پێشوودا ئەزموونی هاوپەیمانییەتی دوو قۆڵی لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات، دواتر کاری هاوبەش لە ناوەندی هاوکاری و لەم دواییانەدا بۆ ماوەیەک لەژێر ناوی ناوەندی دیالۆگ، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لێک نزیک کردووەتەوە و ئەم یەکڕیزییەش بێ دەستکەوت نەبووە. ئێمە ئەم ئەزموونانە بەرز دەنرخێنین بەڵام بە چەند هۆکار دەقی کۆتایی گەڵاڵەی پێشنیارکراو بەو شێوازی ئێستا هەیە، واژۆ ناکەین.
تێبینییەکانمان بریتین لە:
١.گەڵاڵەی پێشنیارکراو، سەرەڕای ئەوەی خاڵی باشی تێدایە بەڵام هیچ مێکانیزم و ڕێکارێکی عەمەڵی و ئەرکێکی هەنووکەیی یان نەخشەڕێگای بۆ کاری کردەیی تێدا نییە.
٢. خاڵەکانی ئەم گەڵاڵەیە زۆر گشتیی و قابیلی تەفسیرن و ناوەڕۆکی کۆنکرێتی سیاسەت و جەهەتگیرییەکان دیار نین. بە بڕوای ئێمە ئەو هاوپەیمانییە پێویستی بە خاڵی کۆنکرێت و ئاراستەی سیاسی دیاریکراوە نەک باسکردن لە گشتییەتێک کە لە پێڕەوەی ناوخۆی زۆرینەی لایەنەکاندا هەیە.
٣. خاڵە گرینگەکانی وەک یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەروەها مەرجەکان و چۆنییەتی ئیدارەی هاوبەشی کوردستان لە قۆناغی ڕاگوزەر، زۆر بە گشتیی باسکراوە و دیار نییە چۆناوچۆنە و چ مێکانیزمگەلێکی هەیە.
٤. ئێمە چەندین جار داوامان کردبوو بۆ ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکی کۆنکرێتی سیاسەتەکان هەروەها مێکانیزمی جێبەجێکردنیان، چەندین کارگروپی تایبەت دیاری بکەین کە لە ماوەی چەند هەفتەدا کەموکوڕییەکان چارەسەر و ڕوون بکەنەوە، بەداخەوە ئەوەش قبووڵ نەکرا.
٥.بەلەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە، ئێمە هەر وەک لە ناوەندی دیالۆگ باسمان کردبوو، پێمان وایە ئەو گەڵاڵەیە بەم ناوەڕۆک و بەو ناڕوونیانەی هەیەتی ناتوانێ بنەمایەک بۆ هاوپەیمانییەکی پتەو و دەوامدار بێت. لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنێکی واقیعی و ڕوون و بابەتییانە، تەمەنی هەر هاوپەیمانییەتێک کاتییە و بەردەوامبوونی زەحمەتە.
لە کۆتاییدا، پێشنیار و خواستەکانی ئێمە پێشتر باس کراوە لەوانە ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ قۆناغی راگوزەر لە کوردستان، هێزی پێشمەرگەی هاوبەش، دیپلۆماسی نێونەتەوەیی هاوبەش، سیاسەتی هاوبەش لە ئاست ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە بارودۆخی ئێستادا. ئێمە نەک تەنیا دژی ئەم هاوپەیمانییە ناوەستینەوە بەڵکوو ئامادەی دۆستایەتی و هاوکارین هەروەها بێ هیوا نین لە داهاتوودا بە کەڵکوەرگرتن لەو ئەزموونانەی پێشوو، بەرەو سازکردنی بەرەیەکی کوردستانی و هاوپەیمانییەتێکی پتەو و بەردەوام بڕۆین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندیی
٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ی هەتاویی
٢٢ی فێورییەی ٢٠٢٦ی زایینی


