پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: وتاری هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی لە ڕێ و ڕەسمی ڕۆژی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > وتار > وتاری هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی لە ڕێ و ڕەسمی ڕۆژی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان
وتار

وتاری هاوڕێ «عەبدوڵڵا موهتەدی» سکرتێری گشتی لە ڕێ و ڕەسمی ڕۆژی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوابەڕۆژکردنەوە: 2023/11/18 at 7:12 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
بڵاوکردنەوە
‫8 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

میوانە بەڕێزەکان!

حیزب و لایەنە سیاسییەکان!

هونەرمەندان و ڕۆشنبیران!

تێکۆشەرە دێرینەکان!

هاورێیانی پێشمەرگە، ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵە!

دۆستانی خۆشەویست، خۆشک و برایان!

سلاوێکی گەرمتان پێشکەش

ئێوارەتان باش

بە بۆنەی هاتنتان بۆ ڕێوڕەسمی ڕۆژی کۆمەڵە پڕ بە دڵ بەخێرهاتنتان دەکەم و خۆشحاڵم کە بەم بۆنەیەوە لەم ئێوارەیەدا لە خزمەتاندام. هەر وەک دەزانن ٥٠ ساڵ پێش ئێستا ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی تێکۆشەری زانستگاکانی تاران و دەوروبەر، سەرئەنجام و دوای تێکەڵاوی و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندن و کۆبونەوەیەکی زۆری زیاتر لە یەکساڵە، ساغبوونەوە کە ڕێکخراوەیەکی ژێرزەمینی چەپی شۆڕشگێر دابمەزرێنن گۆنجاو و هاوتەریب لەگەڵ بیر و باوری ئەو سەردەمەی کۆمەڵگا. ئەو ڕێکخراوەیە سەرەڕای گیران و زیندانیکردنی بەشێک لە هەڵسووڕاوان و بەشێک لە ڕەهبەرییەکەی، توانی نهێنییەکانی خۆی بپارێزێ، زەبری بەر کەوت، بەڵام سەرەڕای زەبر و زەنگ هەڵوشاوە و پرژوبڵاو نەبوو، بەڵکو قەوارەی خۆی پاراست و تا دەستپێکی شۆڕشی ئێران بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ توانی بێ‌وچان ڕایەڵەی تۆڕی ڕێخستنی خۆی لەنێو ژمارەیەک لە خوێندکاران، مامۆستایان کرێکاران و زەحمەتکێشانی لادێ بڵاو بکاتەوە. کە سەرەتای نا ئارامی و جموجۆڵە سیاسیەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی واتە ١٩٧٨ی زایینی دەستیپێکرد، کادر و ڕێکخستن و لایەنگرانی ئەو ڕێکخراوە لە زۆربەی شارەکان لەڕیزی پێشەوەی خەبات و خۆپیشاندا بوون و هاندەر و ڕێکخەری زۆرێکیان بوون.

لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە دەکاتە ١٩٧٩ی زایینی، لە بۆنەی گیانلەدەستدانی یەکێک لە ڕابەرانی تێکۆشەر و خۆشەویستی خۆی بە ناوی «کاک حەمە حسێنی کەریمی»، کۆمەڵە وەکوو حیزبێکی سیاسی نوێ، خەباتی ئاشکرای خۆی دەستپێکرد. بە فکر و سیاسەت و شێوازی تایبەتی خۆیەوە، کۆمەڵە بوو بە مارکێک، ئێستا وتەنی بوو بە برەندێک، کە لەوساوە تا ئێستا لە هەموو ڕووداو و پێشهاتەکان، لە هەموو مەیدانەکان و بوارەکانی خەباتدا جێ پەنجەی کاریگەر و شوێندانەر و زۆرجار بڕیاردەری دیار و ئاشکرایە.

کۆمەڵە لە ماوەی ٥٠ ساڵ ژیان و خەباتی خۆیدا زۆر دەستکەوت و پێشکەوتی پێشکەش بە گەلی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاری‌بەخشی کردووە کە ئەگەریش سەرەتا هەندێ جار بۆ کۆمەڵگەی کوردەواری ئەوکات نوێ و نەبیستراو و نەکراو بوون، بەڵام سەرئەنجام ڕێی خۆیان لە کۆمەڵگا و لە فەرهەنگ و لە سیاسەتی کوردیدا کردەوە و بوون بە هۆی دەوڵەمەندکردن و خەمڵاندن و پەرەپێدانی بزووتنەوەکەمان. مەبەستم گێڕانەوەی مێژوو نییە، نە دەستنیشان کردن و نە بەرجەستەکردنی دەسکەوتەکان و نە خەسارناسی کەموکوریەکانیش، هەر ئەوەندە دەڵێم، ئەم مێژووە بەئارەق و بەخوێن، بە کاری تاقەت‌پڕوکێن، بە تێکۆشانی بێ‌وچان، بە خۆماندووکردن، بە سەرما و گەرما چشتن، زۆرجار بە هەژاری و بە نەداری، بە خۆبەخشین و خۆبەختکردن، بە ٣ هەزار شەهید، بە هەزاران زیندانی و دوورخراوە و کەم ئەندام، بە کاری خورد و وردی نهێنی، بە تەقەو هێرشی پێشمەرگە، بە خۆپیشاندانی جەماوەری، بە چالاکی مەدەنی، بە کاری ڕۆشنبیری، بە کۆبوونەوە و کۆنگرە و سیاسەت داڕشتنی بێ‌وچان، بە هەڵبڕینی دەنگی حەق خوازانەی گەلی کورد و بزوتنەوەکەی لە ئێران و جیهاندا، بەڵێ، ئەم مێژووە پڕ لە شانازییە بە هەموو ئەوانەوە هاتووتە دی و هاتووتە بەرهەم، هەزاران هەزار بنەماڵە، هەزاران هەزار پیر و جەوان، کوڕ و کچ، لە ژوور و خواری کوردستان بە زاراوەی جیاواز ئەم ڕەوتە کۆمەڵایەتییەیان پاراستووە، نیگایان هێشتووە و پەرەیان پێداوە و بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتوو تەیاریان کردووە، هیوام ئەوەیە وا بێت.

هەر بۆیەش ڕێز و سڵاوی خۆم بە هەموو ئەو تێکۆشەرانە، بە بنەماڵەی گیانبەختکردوان، بە زیندانییە سیاسییە خۆڕاگرەکان و بنەماڵەکانیان، بە کەم ئەندامان و بنەماڵەکانیان، بە هەموو تێکۆشەرانی دێرینی ڕێکخستنی نهێنی، بە هەموو پێشمەرگە دێرینەکان، بە هەموو تێکۆشەرانی نەوەی نوێ چ لە بەرگی خاکی پێشمەرگایەتیدا یا لە ڕێکخستنە نهێنیەکاندا، بە هەموو ئەوانە پێشکەش دەکەم.

دوور و نزیک، دێرین و نوێ، بە هەموویان دەڵێم ئێستا بەو گۆڕانکارییەوە کە دەیبینین کاتی دانیشتن نییە! کاتی وچاندان نییە! کاتی خۆ دورخستنەوە و تۆران نییە! ئێرانی کۆماری ئێسلامی لە بەر دەم گەورەترین گۆرانکاری هەموو ئەم ٤٠ ساڵەی خۆیدایە، شانسی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕانی ئەم نیزامە چەپەڵە و گەیشتن بە ئاواتی ئازادی و دێمۆکراسی و دادپەروەری لە هەمیشە زیاترە، ئەستێرەی بەختی کوردیش لە ڕۆژهەڵات بێگومان لەو گۆرانکارییە گەورەیەدا دەتوانێت گەش و درەوشاوە بێت.

ئاواتم ئەوەیە، نایشارمەوە کە پێشەنگی و ڕێنوێنی و شوێندانەری کۆمەڵە لەم قۆناغەدا بێتە دی زۆرتر لە هەمیشە، بەڵام ئەرکی گەورەی کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی لە کوردستان، نە تەنیا بە کۆمەڵە و نە بە تەنیا بە هیچ حێزێکی دیکە ناکرێ، ئەمە بە هێزی یەکگرتووی هەموومان کەوتووە، بۆیە لێرەدا ڕووی قسەی من ئەم جارە نە تەنیا لە کۆمەڵە و چالاکان و هەوادارانی بەڵکو ڕووم لە هەموو کوردستانی ئێرانە! ڕووم لە هەمووە چالاکان و تێکۆشەرانی سیاسی و ڕۆشنبیری و مەدەنی، لە هەموو تێکۆشەرەانی دێرین و لە هەموو لاوانی خوێنگەرمی کوردستانە! هەموومان دەبێ خۆمان ئامادەکەین، هەموومان دەبێ ئامادە بین. پێویستە بە گیانی برایەتی و هاوبەشی و بە دڵسۆزی و پێکەوەییەوە کار بکەین، لێرەدا حیزبە سیاسییەکان و ڕەهبەری ئەو حیزبانە ئەرکی گرینگیان لەسەر شانە، خەڵک چاوی لێیانە، حەقە دەسپێشخەری لە لایەن ئەوانەوە بێت، هاوکاری و دەستی یەک گرتنیش لە لایەن هەمووانەوە.

بەڕێزان من بارها و لە چەندین بۆنەدا یەک لەوانە پارەکە هەر لەم شارە و لەم وەختانەدا پێشنیارە دیاریکراوەکانی خۆم بۆ چۆنییەتی کاری یەکگرتووانە لە کوردستان باس کردووە و ناچمەوە سەر وردەکاریەکان، ئێستاش وەکوو ئەوکات بگرە زیاتر لە پار یەکگرتوویی نێو خۆمان گرینگترین هەنگاو و بەردی بناغەی هەموو سیاسەتەکانمان و هەموو سەرکەوتنەکانی داهاتوومان دەبێت، هەرچەندی پێداگری لە سەر یەکگرتوویی بکەین هێشتا کەمە، لە پاڵ ئەوەدا ڕاگەیاندنی دەنگی کوردی ڕۆژهەڵات بە دنیا و هەبوونی دیپلۆماسییەکی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی پشتگیری جیهانی لە خەباتی ڕەوامان، لە جێگەی خۆیدا پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە!

لە لایکی دیکەوە دەبێ ئەو ڕاستییەش بزانین کە گۆرانکاری لە ئێراندا بەتەنیا بە ئێمەی کورد پێک نایەت. نیزامی کۆماری ئیسلامی گەندەڵ و داڕزیو و بێ داهاتووە، بەڵام لابردنی تەنیا بە خەباتی گەلی کورد مەیسەر نابێت، بە بێ ئەو گۆرانکاریەش، بە بێ لابردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی و ئەو کۆسپە گەورەیەش کە لە بەردەم کورد و هەموو گەلانی ئێراندایە، دەروازەی گەشە و گەیشتن بە ئامانجەکانمان بەرەو ڕووی ئێمە ناکرێتەوە، هەر بۆیەش لە بەرژەوەندی هەموو بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئێراندایە، لە بەرژەوەندی هەموو گەلانی ئێراندایە، بە تایبەتیش لە بەرژەوەندی گەلی کورددایە کە پێموایە لە بواری سیاسی و ڕێکخستندا تەیارترە لە هەموو گەلانی دیکە، کە دیالۆگ و دانوستاندن و نزیکایەتی و هاوکاری لەگەڵ خەڵکانی دیکەی ئێران و لایەنە سیاسیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆکراسی خوازی ئێران دەستپێکا.

خۆمان بە تاق نەخەینەوە، بەڵکو لەئێستاوە هەم داخوازیەکانمان بە گوێی هەمووانیان بدەین و لە ئێستاوە بۆ چەسپاندنیان هەوڵ بدەین، لە لایەکی دیکەیشەوە هەر لە ئێستاوە و بۆ داهاتووش جێگەوپێگە و دەوری شیاوی خۆمان لە داڕشتنی سیاسەتی سبەی ڕۆژ و داهاتووی وڵاتی ئێراندا دەستەبەربکەین. بە کورتی دەبێ وا بکەین، دەنگمان لە ئێستاوە و لە داهاتووشدا ببیسترێ!

لەوە زیاتر کاتتان ناگرم

جارێکی دیکە بەخێرتان دێنم و شادی و سەرکەوتنتان بە ئاوات دەخوازم.

ناوەندی ڕاگەیاندن 18/11/2023 13/03/2020
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

وتووێژی “گرێتا پڕیڤیترا” لە ڕۆژنامەی “كوریرە دێلا سێرا”،  لە ناسراوترین و پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانی  وڵاتی ئیتالیا لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
وتووێژی “نیوزنەیشن” تیڤی لە واشنگتۆن لەگەڵ بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 26/06/2025
ژمارە١٩٣ی ئاسۆی ڕۆژهەڵات
ڕۆژنامە 22/06/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?