ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆبوونەوەی هاوبەش بە شێوەی ئانلاین و بە سەرپەرەستیی هاوڕێیان عەبدوڵڵا موهتەدی و ئیبراهیم عەلیزادە لە نێوان ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.
لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هاوڕێیان: عومەر ئیلخانیزادە، عەبدوڵڵا ئازەربار، ناهید بەهمەنی و ئیدریس کولاهدوزی و لە لایەن ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، هاوڕێیان، گەلاوێژ ڕۆستەمی، جەماڵ بۆزۆرگ پوور، ئەدیب وەتەن دووست و شۆڕش کەریمی، بەشداریی ئەو کۆبوونەوەیان کرد.
سەرەتا هەر دوو لایەن بارودۆخی ناوخۆیی ئێرانیان لێکدایەوە و لەو بڕوایەدا بوون کە بە زۆر هۆکار، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت لەو قەیرانەی ئێستای دەرباز بێت و لە بواری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو داڕمان هەنگاو دەنێت و هەروەها لەگەڵ بزووتنەوەی بەرینی جەماوەر و داخوازیی و ناڕەزایەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەرەوڕوو دەبێتەوە. هەم لە کوردستان و هەم لە ئاستی ئێراندا چاوەڕوانیی پەرەگرتنی خەباتی جەماوەر و گۆڕانی سیاسی، دەکرێت.
هەردوو لایەن پێیان وابوو کە ئەو ڕاستیانە و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە و ئێستا و داهاتوی ئێران، ئەرکی جیددی دەخاتە سەرشانی ئێمە و هێزە سیاسیەکانی کوردستان بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی چ دوو لایەنە و چ لە نێوان گشت حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران. لەو بوارەشدا جیا لە هاوکاری دوو لایەنە، هەوڵدان بۆ هاوپەیمانی و هاوکاری نێوان ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیان لێکدایەوە و ڕاوبۆچوونەکان لەیەک نزیک بوون. هەردوو لایەن پێیان وابوو کە هەستیاری دۆخی ناوخۆیی ئێران و ئەگەرەکانی داهاتوو لە کوردستان، هەردوولایەن ئەرکدار ئەکات کە بە خێرایی و بەرپرسیارانە، لەسەر ئەرکەکان کاری جیددی بکەن و یەکگرتووانە کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرن و لەبەرانبەر مەترسییەکانیش دا بوەستنەوە.
لەبەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا باس لە پێویستی پێکهێنانی یەکەیەکی گشتگیر لە کوردستان و هاوئاهەنگی لە نێوان هەموو ڕێکخراوەکانی کوردستانی ئێران کرا. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دوو لایەن هەوڵ بدەن بۆ ڕێگادۆزینەوە و کارئاسانی بۆ زاڵبون بەسەر گرفتەکانی بەردەم ئەو ئەرکە گرینگ و پێویستە.
جێگای ئاماژەیە، پرسەکانی چۆنییەتی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پرسی دانۆستان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی وەک پرسێکی نەتەوەیی، پێوەندی نێونەتەوەیی بۆ بزوتنەوەی کوردستان و بە تایبەتی پرسی شێوازی ئیدارەی پێکەوەیی و دێمۆکراتیکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەورەی گوزاردا، تاوتوێ کرا. لەو بوارانەشدا لێک تێگەیشتن و نزیکیەکی زۆر هەبوو.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا بۆ کاری زۆرتر بەو مەبەستانە کۆبوونەوەی هاوبەشمان بەردەوام بێت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کومیتەی ناوەندی
١٤ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٤ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی