بە ئاگاداری خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە دەگەێنین کە بەداخ و کەسەری زۆرەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٦ی ڕەشەمە و لە بەرەبەری ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵەدا، هاوڕێی تێکۆشەر «شوعەیب زارعی» پێشمەرگەی ئازا و ئەندامی دڵسۆز و هەڵسووڕاوی کۆمەڵە، بە دەستی ڕەشی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کرا.
ئێمە وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تێرۆریستیە، بەناوی سەرجەم ڕیزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی نوێترین شەهیدی ڕۆژهەلات، هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکەین. دەستبردن بۆ تێرۆر و تۆقاندن و سەرکوت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ناتوانێ ورەی بەرزی خەبات و تێکۆشانمان دابەزێنێت و ئێمە لەسەر پێداگری لە خواستە ڕەواکانمان و گەیشتن بە ئامانج و ئاسۆمان سوورتر دەکات. بێگومان هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی درێژەپێدەری ڕێباز و ڕێگای پڕ لە شانازییەکەی دەبن و ئەم تاوانە لەبیر ناکەن. چاوەڕوانیشمان لە ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە دەستی ڕەش و نگریسی تێرۆری کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور کورت بکەنەوە و پارێزەری ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات بن.
یاد و ناوی ئازیزی هاوڕێ شوعەیب بەرز و بەڕێز و ڕێگای پڕ ڕێبوار
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی