پوختە:
ڕێفراندۆم وەك بەشێك لە كایەی دێمۆكراسی ڕێگایەكە بۆ ئەوەی گەلان بتوانن بە مافی خۆیان كە هەمان مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسینە، بگەن. دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین بەشێكە لە مافە مەدەنی، سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان و لە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەكگرتووەكاندا جەختی لەسەر كراوەتەوە.
لەم بابەتەدا هەوڵ ئەوەیە پێناسەی ڕیفراندۆم بكرێت و لەگەڵ دۆزینەوەی پەیوەندییەكانی ڕێفراندۆم لەگەڵ دیمۆكراسی، ئەو پەیوەندییەی كە دێمۆكراسی لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسیندا هەیەتی بخرێتە بەر باس و بەم شێوەیە مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسین و ڕێفراندۆم لە بازنەیەكدا جێ بكرێنەوە كە بازنەی دێمۆكراسیە و لە هەمانكاتدا هەردوولا پەیوەستن بە مافە ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و مەزهەبییەكانی گرووپ و ئێتنیكە جیاوازەكانەوە.
وشە سەرەكییەكان
ڕێفراندۆم، دێمۆكراسی، ماف، مافی چارەی خۆنووسین، جاڕنامەی مافی مرۆڤ، نەتەوە یەكگرتووەكان، خەڵك
ئامانج:
ئامانج لەم نووسینە باس كردنە لە ڕەوتێك كە ڕێفراندۆم وەك بەشێك لە كۆی ئەو مافانەی كە دێمۆكراسی لەسەر بونیاد دەنرێت بە نەتەوە و گەل و خەڵك دراوە. لە هەمانكاتدا باسكردنە لە جۆرێكی تایبەت و دیاریكراوی ڕێفراندۆم كە ڕێفراندۆمە بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین.
پرسی چارەی خۆنووسین بۆ ئەو نەتەوانەی كە مافی نەتەوەییان پێشێلكراوە، لە ئەمڕۆدا پرسێكی گرینگ و زیندووە، كورد وەك نەتەوەیەك كە مافی نەتەوەیی پێشێلكراوە دەبێت هەوڵبدات لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا، وەك مافێكی ڕرەوا باس لە پرسی خۆی بكات. هەموو مێكانیزمەكانی گەیشتن بە مافی خۆی، وەك حەقێك بۆ خۆی بە ڕەوا بزانێت و كاری بۆ بكات و ڕێفراندۆمیش وەك یەكێك لە مێكانیزمەكانی خەبات چاو لێبكات بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی.
پێشەكی:
ڕێفراندۆم ئەمڕۆكە مێكانیزمێكی ڕەوایە كە دەخرێتە بەردەستی خەڵك بۆ گەیشتن بە مافە یاسایی، سیاسی، كولتووری و كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی خۆیان. لە چوارچێوەی وەها پرۆسەیەكدا خەڵكانێك لە وڵات یان ئەیالەت یان تەنانەت چەند وڵات، یان ڕەنگە یەك شار، ئەو مافەیان پێ دەدەن كە بڕیار لە سەر بابەتێكی دیاریكراو بدەن.
لە پرۆسەی ڕێفراندۆمدا خەڵك ڕێزیان لێ دەگیردرێت و بۆچوونیان وەردەگیردرێت بۆ بڕیاردان لەسەر پرسێك كە پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی خۆیانەوە. ئەوەی كە خەڵك بەشداربن لە دیاریكردنی ئەو شتەدا كە پەیوەستە بە ژیانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، ئایینی و هتدی خۆیانەوە تایبەتمەندیی سیستەمێكی دێمۆكراتیكە كە دەسەڵاتداریی دێمۆكراتیك لە دەسەڵاتداریی سەرەڕۆ و خود تەوەر (Ego center) جیادەكاتەوە.
مافی چارەی خۆنووسین (Self-determination) لە باری سیاسی و حقووقیەوە مافێكی ڕەوایە و پاراستنی ئەم مافە یایبەتمەندییەكی دێمۆكراسیە. لە هەمانكاتدا هەوڵدان بۆی بە هەموو مێكانیزمێك ڕەوا و ڕێگاپێدراوە. ڕێفراندۆم ڕێگایەكی مەدەنی و ئاشتیانەیە بۆ گەیشین بەم مافە، لە بەرامبەر ڕێگا مەشرووعەكانیتردا وەك چالاكی سەربازی و خەباتی چەكداری.
ڕێفراندۆم وەك بەشێك لە دێمۆكراسی
وشەی ڕێفراندۆم (Referendum) لە وشەی (To Refer) وەرگیراوە بە مانای گەڕانەوە، مەبەست لێی گەڕانەوەیە بۆ ڕای گشتی خەڵك لە وڵاتێك یان چوارچێوەیەكی دیاریكراوی جوگرافیاییدا بەمەبەستی ڕاپرسی و وەرگرتنی ڕای جەماوەر دەربارەی ئەو پرسانەی كە دەوڵەت توانای بڕیاردانی نییە، هەربۆیە بڕیاردان بە خەڵك دەسپێرێت.
هەندێجار ڕێفراندۆم بۆ دەسەڵات و حكوومەت تەنها لایەنێكی ڕاوێژكارانەی هەیە. كەوایە ڕێفراندۆم بۆ نەتەوەكان هەڵگری ئەو تیۆرییەیە كە دەتوانن لە یاسای بنەڕەتیدا گۆڕان دروست بكەن یان ئەوەی یاسا بگۆڕن. دەسەڵات و حكوومەت بە وەرگرتنی ڕای جەماوەر دەیهەوێت خەڵك لە پرسە گرینگ و چارەنووس سازەكاندا بەشدار بن. بەشداریدانی خەڵك لەو پرسانەدا مەبەستێكی دوولایەنەی لە پشتە. هەم ئەوەیە دەوڵەت و حكوومەت ئەركی خۆی جێبەجێ كردوە بە گەڕانەوە بۆ دەنگی جەماوەر و گرینگیدان بە جەماوەر، هەم خەڵك ئەركی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات جێبەجێ دەكەن. چون وەك ستوارت میل دەڵێت: هەم دەسەڵات و هەم خەڵك بەرامبەر بە یەكتر ئەركیان لەسەرە. دەسەڵات ناتوانێت جەماوەر و خەڵك لەبەرچاو نەگرێت و خەڵكیش بەهەمان شێوە ناتوانێت بەرامبەر دەسەڵات كەمتەرخەم بێت.
ڕێفراندۆم نموونەیەكی ئازادانەی هەڵبژاردن و گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵك. هەر لەم ڕووەشەوە ڕیفراندۆم پێوەندییەكی نزیكی هەیە لەگەڵ دێمۆكراسی. مەبەست لە ڕڕفراندۆم بەرگرتن بە پەسەند كردن یان ڕەتكردنەوەی یاسایەكە كە خەڵك تێیدا زەرەرمەند بن. خەڵك (دێمۆس) خۆیان بڕیاردەری چارەنووسی خۆیان دەبن.
لە باری مێژووییەوە ڕەنگە بكرێت بڵێین ڕێفراندۆم كۆنترین فۆڕمی گەڕانەوەی دەسەڵاتە بۆ ڕای جەماوەر. هەر لە دروستبوونی سەرەتاییترین فۆرمەكانی دەسەڵاتدارێتییەوە هەوڵدراوە بە شێوەی جیاواز ڕای جەماوەر وەربگیردرێت.
ئەو كاتەی مرۆڤەكانی پێش مێژوو بە ڕاو كردن و كۆكردنەوەی میوە و گژ و گیاوە سەرقاڵ بوون، بوونی دەوڵەت یان فەرمانڕەواییەك بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی كۆمەڵگا پێویست نەبوو. بەڵام بە زیادكردنی حەشیمەت و دروستبوونی دەوڵەت-شارەكان، پێویست بوو ژمارەیەك لە خەڵك وەك فەرمانڕەوا یان حاكم بۆ ڕێكخستنی كار و باری كۆمەڵگا، دەسەڵات بگرنە دەست، یان لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێن.
بە پێی دۆزینەوەی كەونینەناسەكان، كۆمەڵێك بەڵگە بەدەست هاتووە كە بەپێی ئەو بەڵگە كەونینەناسانە، لە بەشێك لە میزۆپۆتامیا، هێندستان و ئێران، كۆمەڵێك شوێن هەبوون بۆ كۆبوونەوەی خەڵك كە هەڵبژێردراوەكان و گەورەكانی شار لەوێدا كۆ دەبوونەوە و دەربارەی پرسە گرینكەكان و زیاتر دەربارەی جەنگ لەو شوێنانەدا بڕیاریان دەدا. بەو شوێنانە دەوترا مەجلس. هەڵبەت نەدەتوانرا بەتەواوەتی ڕەفتار و هەڵسووكەوتی حاكمەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت و ڕەفتار و خواستی حاكمەكان دەبوو بە یاسا.
بەڵام پاش ماوەیەك سیستەمێكی دەسەڵاتدارێتی و حكوومەت شكڵی گرت و خەڵك دەورێكی زیاتری هەبوو لەم فۆڕمە لە دەسەڵاتدارێتیدا. ساڵی ٥٠٨ی پێش زایین، سیستمێكی دەسەڵاتدارێتی نوێ بە ناوی حكوومەتی خەڵك لەسەر خەڵك لە دەوڵەت –شارەكانی یۆنان شكڵی گرت. ئەم سیستەمە پێی دەوترا (دێمۆكراسیا) كە پێك هاتبوو لە دوو وشەی (دێمۆس) بە مانای (خەڵك) و (كراسیا) بە مانای فەرمانڕەوایی و سەرئەنجام بەمانای بەشداریی ڕاستەوخۆی خەڵك و شارۆمەندان لە ئیدارەی كۆمەڵگادا بوو. خەڵك لە كۆبوونەوەكان (خەڵك بە مانا ئەفلاتوونیەكەی) لە دەوری یەكتر كۆ دەبوونەوە و دەربارەی پرس و بابەتە گرینگەكان، مشت و مڕ و ڕاوێژیان دەكرد و دواتر لەناو خۆیاندا دەنگیان وەردەگرت و بڕیاری كۆتاییان دەدا.
دوای یۆنان، ڕۆمیش شێوەی دەسەڵاتدارێتی و حكوومەتی كۆماری بۆ ئیدارەی وڵات هەڵبژارد. ڕۆمیەكانی كەونارا، ساڵی ٥٠٩ی پیش زایین، حكوومەتی پاشایەتییان ڕووخاند و سیستەمی كۆمارییان دامەزراند.
بۆ یەكەمجار دەسەڵاتی بۆماوەیی (بەمیرات پێ گەیشتن) لەناو چوو و ڕۆمیەكان بەوە گەیشتن خەڵك نوێنەرەكانی خۆیان هەڵبژێرن و ئیمپراتۆر لەلایەن نوێنەرەكانی خەڵكەوە هەڵبژێردرێت و لەلایەن نوێنەرەكانەوە كۆنتڕۆڵ و چاودێری بكرێت. لە ڕاستیدا (كۆماری) بە مانای ( دەسەڵاتی خەڵك)ە، هەڵبەت ئەم شێوە دەسەڵاتدارییەش بەپێی گوزەری زەمان و لە ڕەوتی شكڵ گرتن و پێشكەوتنی خۆیدا گۆڕانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. پاتریستنەكان كە ئەریستۆكرات بوون و سەر بە چینی خۆش بژیو و خاوەن پلەی كۆمەڵگا بوون، خۆیان بە میراتگری هەتاهەتایی (سێنا) دەزانی و ئیزنیان نەدەدا خەڵكی ئاسایی و ڕەشۆكی بچنە مەجلیسەوە و بەشدارییان هەبێت لە بڕیارداندا. بەڵام خەڵكی ئاسایی خوازیاری ئەوە بوون كە بەشداریی زیاتریان هەبێت لە ڕەوتی بەڕێوەبردنی وڵاتدا. بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینەكانی جەماوەرەوە، مەجلیسێكی تر بەناوی (مەجلیسی عەوام) یان (مەجلیسی خەڵكانی ئاسایی و ڕەشۆكی) ڕێكخرا. ئەم مەجلیسە مافی بڕیاردانی نەبوو، بەڵام دەیتوانی بە ناردنی نوێنەر بۆ دانیشتنەكانی مەجلیسی (سێنا) چاودێریی پەسەند كردنی یاسا بكات و بەر بە پەسەند كردنی یاسایەك بگرێت كە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵك بێت. هەڵبەت ئەم گۆڕانكارییانە لە شێوەی دەسەڵاتدارێتیدا بەمە كۆتایی نەدەهات و هەموو دەم لە هەموو شوێن لەم گۆی زەوییە باس و مشت و مڕ بووە لە سەر چۆنیەتیی دەسەڵات و فۆڕمی دەسەڵات. تەنانەت هەندێجار خەڵك ڕادیكاڵانەترین ڕێكاریان گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی ئەو مافەیان هەبێت كە چاودێریی سیستمی دەسەڵات بكەن، ئەویش شێوەی شۆڕشە، بۆ نموونە شۆڕشی فەرانسە نیشانەیەكە لە هەوڵی خەڵك و جەماوەر بۆ نیشاندانی ئیرادەی خۆیان بەرامبەر دەسەڵات.
ڕێفراندۆم و دڕمۆكراسی پەیوەندییەكی نزیك و دیالێكتیكیان هەیە پێكەوە. هیچیان بە بێ ئەویتر مانای نییە یان بوونی ڕاستەقینەی نییە. باس كردن لە مێژووی ڕێفراندۆم هەمان مێژووی دڕمۆكراسیە. بۆ گەڕانەوە بۆ مێژووی ڕێفراندۆم دەگەڕێینەوە سەر مێژووی دێمۆكراسی، هەر لە كۆنترین سیستمەكانی دیمۆكراسییەوە لە سەردەمی حەموڕابی و یۆنان و ڕۆمی كۆنەوە تا سەردەمی مۆدێڕن. گۆڕان لە چیەتی (ماهییەت) و چۆنیەتی دێمۆكراسی و پێناسەی دێمۆكراسی، گۆڕانی لە شێوە و فۆڕمی ڕیفراندۆمدا دروست كردوە.
ڕێفراندۆم شێوەیەك لە هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێك كە خەڵك لە نێوان دوو یان زیاتر لە دوو بژاردەدا، یەكیان هەڵدەبژێرن. ئەم هەڵبژاردنە نەك هەڵبژاردنی قەوارەیەكی سیاسی، یان ڕەوتێكی سیاسی یان حیزبێك بۆ دەسەڵات، بەڵكوو هەڵبژاردنی كۆمەڵێك خواستی سیاسی، مەدەنی، ئابووری و هتدە كە لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا ئەنجام بدرێت. جیاوازی نێوان ڕێفراندۆم (Referendum) و هەڵبژاردن (Election)، جیاوازییەكی جەوهەرییە. لە هەڵبژاردندا (Election) دەنگدەر قەوارە یان گرووپ یان تاكێك هەڵدەبژێرێت، دەسەڵاتیان پێدەدات و ئەوانیش لە چوارچێوەی یاسایەكی دیاریكراودا دەبن بە بەڕێوەبەری وڵات، شار یان ئیالەت یان هەر قەوارەیەكی جوگرافیایی. لە ڕێفراندۆمدا (Referendum) لایەن یان قەوارە یان تاك یان حیزبی هەڵبژێردراو توانای بڕیاردانی لەسەر پرسێكی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، گرینگ و چارەنووس ساز نییە و بە ڕاوێژ لەگەڵ خەڵك یان جەماوەر، دەنگی ئەوان بەرامبەر بەو پرسە وەردەگرێت.
ڕێفراندۆم و (ماهییەت) چیەتیی دەسەڵات
گەورەترین فاكتەر بۆ ئەوەی ڕێفراندۆم بە ئەنجامێكی باش بگات دیاریكردنی چیەتیی ڕێفراندۆم، گرینگیی ڕێفراندۆم و سەرئەنجام پێبەند بوونی دەسەڵاتە بە ئەنجامەكانی ڕێفراندۆمەوە. ماهییەت و چییەتیی دەسەڵات دەوری گرینگی هەیە لە سەر دیاریكردنی ماهییەت و چییەتیی ڕێفراندۆم. هەندێجار دەسەڵاتەكان بۆ كۆكردنەوەی مەشرووعیەت ڕازی دەبن بە پرۆسەی ڕێفراندۆم. ناكرێت ڕێفراندۆم وەك سندووقێكی نەكراوە بێت و خەڵك كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی لە سەری دەنگ بدرێت و ڕاوێژیان لەگەڵ بكرێت، نموونەی وەها ڕێفراندۆمێك نموونەیەكی سەركەوتوو نەبووە، چونكوو لە بنەڕەتدا گرینگ نەك ڕاوێژكردن و وەرگرتنی ڕای خەڵك، بەڵكوو مەشرووعیەتدان بووە بە پرسێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی یان …
ڕۆژی ١٢ی خاكەلێوەی ١٣٥٨ (١ی ئەپریلی ١٩٧٩) و دوای هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی، ڕێفراندۆمێك بەڕێوەچوو بەناوی كۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر؟ بەڵام ماهییەتی ئەو كۆماری ئیسلامییەی ڕێفراندۆمی لەسەر دەكرا، ماهییەتێكی نادیاربوو، ئەوكات كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات ئەو ڕێفراندۆمەی بایكۆت كرد، بەڵام ئەنجامەی ئەو سندۆقی باندۆرایە كە ڕێفراندۆمی لەسەر دەكرا دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە كە بۆ ٤ دەیە دەچێت حوكمی خۆی بە سەر وڵاتدا داسەپاندووە.
ماهییەتی دەسەڵات دیاریكەری ماهییەت و چییەتی ڕێفراندۆمە. بەشێكی زۆری ئەوانەی ساڵی ١٩٧٩ دەنگیان بە كۆماری ئیسلامیدا، ماهییەتی ئەو ڕێفراندۆمەیان نەدەناسی. ئەنجامی زیاتر لە ٩٨٪ دەنگی بەڵێ بۆ كۆماری ئیسلامی كە ڕاگەیەندرا، ئەو دەسەڵاتەی لێكەوتەوە كە هەیە. وەك چۆن هەڵبژاردن دەتوانێت نێردیوانێك بێت بۆ سەركەوتنی دیكتاتۆرەكان و دواتر ڕووخاندنی نێردیوانەكە بۆ دوای خۆی، ڕێفراندۆمیش دەتوانێت هەمان تایبەتمەندیی هەبێت. دەسەڵات دەتوانێت لەم مافە ڕەوا و دێمۆكراتیكە كەڵك وەربگرێت بۆ ئامانجێكی تایبەت و دواتر ئەم مافە لە خەڵك بستێنێتەوە، وەك چۆن باسمان كرد لە ١٢ی خاكەلێوە لە ئێران ڕوویدا.
بەپێچەوانەوە، ڕێفراندۆم دەتوانێت ئەنجامی پۆزێتیڤی لێ بكەوێتەوە بەپێی ماهییەتی ڕێفراندۆم و لە هەمانكاتدا ماهییەتی دەسەڵات. كاتێك خەڵك توانای ئەوەیان هەبێت بڕیاردەری ڕاستەقینەبن لە هەمانكاتدا ڕێفراندۆم نەك سندووقێكی نەكراوە یان سندووقی باندۆرا، بەڵكوو شووشەیەك بێت كە ئەو دیوی دیار بێت، جەماوەر دەتوانن ئازادانە بۆچوونی خۆیان دەرببڕن و ئەو شتەی ڕێفراندۆمی لە سەر دەكرێت هەڵبژێرن یان نە.
بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٣ لە سوید ڕێفراندۆم لە سەر ئەوە كرا كە ئایا سوید پەیوەست بێت بە حەوزەی یۆرۆ یان نە. دەوڵەتی سوید لەم بارەوە بڕیاری بە دەست خەڵك سپارد و لە ڕاپرسییەكدا خەڵك بڕیاریان دا كە هەر لە یەكەی نەختیی وڵاتەكەیان بەكار ببەن كە هەمان (كرۆن)ە، بە پێچەوانەی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئورووپایی كە یۆرۆ بەكار دەهێنن.
لێرەدا هەم ماهییەتی دەسەڵات ڕوونە، هەم ماهییەتی ئەو پرسەی ڕێفراندۆمی لەسەر دەكرێت. ئەنجامەكەشی ڕوونە، شتێكە كە خەڵك بە ئیرادەی خۆیان شتێكیان هەڵبژاردوە، ڕایان گرتووە و هەركاتیش ئیرادە بكەن دەتوانن ئەو بابەتە جارێكیتر بورووژێنن و گۆڕان درووست بكەن.
ڕێفراندۆم و ئیرادەی خەڵك
ڕێفراندۆم لە هەمانكاتدا كە پەیوەستە بە خواستی دەسەڵاتەوە، پەیوەستیشە بە ئیرادەی خەڵكەوە. ئیرادەی خەڵك لە دوو ئاستدا.
١: ئیرادەی خەڵك وەك هێزی بڕیاردەر بەوەی كە ڕێزیان لێ بگیردرێت و بەشداری بدرێن لە پرۆسەی بڕیاردان لە سەر پرسە سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوورییە چارەنووس سازەكان. واتە گەڕانەوە بۆ خەڵك، بینینی خەڵك وەك هێزی بگۆڕ و چارەنووساز لە سیاسەتدا. لێرەدا كە باس لە خەڵك دەكەن جیاوازی دادەنێین لە نێوان ئاپۆرە (Multitude) و خەڵك دا. خەڵك فۆڕمی هەیە. بەڵام ئاپۆرە فۆڕمی نییە، فرەچەشن و فرەجۆرە. پێویستە جیاوازی دانێین لە نێوان حەشیمەت، خەڵك و ئاپۆرەدا.
“خەڵك جۆرێك یەكە و تاكە. حەشیمەت لە چینە جیاوازەكان شكڵی گرتوە، بەڵام خەڵك ئەم جیاوازییە كۆمەڵایەتیانە دەكات بە شوناسێكی یەكە و دای دەبەزێنێت بۆ ئاستی یەكە بوون. بە پێچەوانەوە ئاپۆرە یەكدەست نییە، بەڵكوو فرەچەشن و فرەجۆرە. هەربۆیە بە پێی نەریتی باوی فەلسەفەی سیاسی، خەڵك دەتوانێت وەك هێزی دەسەڵاتدار دەسەڵات بگرێتە دەست بەڵام ئاپۆرە ناتوانێت. ئاپۆرە لە كۆمەڵێك لە یەكەییەكان (singularities) دروست بووە، مەبەست لە یەكەكان، سووژە كۆمەڵایەتییەكانن كە ناكرێت جیاوازییەكانیان بۆ یەكدەستبوون دابەزێنین، ئەم جیاوازییانە وەك جیاوازی دەمێننەوە. پاژە پێكهێنەرەكانی خەڵك لەو یەكگرتنەدا كە درووستی دەكەن، تایبەتمەندیی خۆیان لە دەست دەدەن و بە ڕەتكردنەوە یان وەلانانی جیاوازییەكانیان، دەبەن بە یەكەیەكی یەكدەست و هاوشێوە. كەوایە یەكە فرەچەشنەكانی ئاپۆرە لەگەڵ یەكگرتنی جیانەكراوەی خەڵك ناكۆكە. “
٢: ئیرادەی خەڵك وەك هێزێك كە ئەگەر لە سەردەمێكدا بەو قەناعەتە گەیشت هەڵبژاردنی هەڵەبووە یان دەكرێت بە هەڵبژاردنیدا بچێتەوە، ڕێز لە خواستی بگیردرێت. واتە ڕێفراندۆم نەبێت بە جادەیەكی یەك سایدی كە تەنیا چوونی هەبێت و گەڕانەوەی نەبێت.
گرینگیدان بە ئیرادەی خەڵك چ پاش ڕێفراندۆم و چ پێش ڕێفراندۆم، ئەو فاكتەرەیە كە هێزێكی دێمۆكرات لە هێزێك كە دەیهەوێ دەمامكی دێمۆكراسی بپۆشێ جیادەكاتەوە. ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵك و گەڕانەوە بۆ جەماوەر لە هەر چركەساتێكدا، دەتوانێت كاریگەریی ببێت لەسەر سیاسەتی واقع (Real Politic). سیاسەتی واقع، فۆڕمێك لە سیاسەتە كە لە دەوری بەرژەوەندییە ماددی و ئەمنیەتیەكانی دەسەڵات دەسووڕێتەوە. بەڵام ئیرادەی خەڵك لە دەوری بەرژەوەندیی گشتی. بەریەك كەوتنی ئەم دوو فۆڕمە لە سیاسەتدا، ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو ئایدیای جیاوازە. ئیرادەی خەڵك ئەتوانێت بەر بە چاوچنۆكیی سیاسەتی واقع بگرێت، ئەو چاوچنۆكییەی كە دونیای ئەمڕۆی بەرەو بەرژەوەندیی خوازییەكی ماددیی تۆخ بردوە.
دەسەڵاتێك كە ڕێز لە ئیرادەی خەڵك بگرێت وەك ئیرادە، نەك ئیرادە و خواستی خەڵك بكات بە ئامرازێك بۆ سیاسەتی واقع یان ئەو شتەی پێی دەوترێت بە ئامرازكردنی ویستی خەڵك، ئەتوانێت بەرەو لێوارەكانی سەركەوتن بڕوات، ئەنجامی سیاسەتی واقعیی تۆخ سەرەئەنجام شكاندنی ئیرادەی خەڵك و شكستی دەسەڵاتە.
ڕێفراندۆم بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین
ڕێفراندۆم دەكرێت لە سەر هەر پرسێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و… بەڕێوە بچێت. بۆنموونە ساڵی ١٩٦٩ مارشال دۆگۆل داوای لە خەڵكەكەی كرد لە ڕێفراندۆمێكدا دەنگ بدەن بەوەی بمێنێتەوە لە دەسەڵات یان نە، زۆربەی زۆری خەڵكەكەی دەنگیان بە نەمانەوەی لە دەسەڵات دا و ئەویش لەسەر متمانە بە ویست و ئیرادەی خەڵك، دەسەڵاتی بەجێ هێشت. ئەمە پرسێكی سیاسی و لە هەمانكاتدا پەیوەستە بە دەسەڵاتدارییەوە. لە نموونەیتردا، تا ئێستە چەندین جار لە ئیالەتەكانی ئەمریكا، ڕێفراندۆم كراوە لەسەر پێكەوە ژیان و زەماوەند كردنی هێمۆسێكسواڵەكان لەگەڵ یەكتر. لایەنگرانی مافی هێمۆسێكسواڵەكان و نەیارانی ئەو پرسە لە ئیالەتەكان چوونەتە سەر سندووقی دەنگدان و بە بەڵێ یان نەخێر دەنگیان داوە. ئەمە پرسێكی كۆمەڵایەتی و لە هەمانكاتدا پەیوەستە بە ماف (Right) و یاسا (law)وە.
مافی دیاریكردنی چارەنووس بۆ نەتەوەكان یەكێك لەو مافانەیە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە چەندین وڵات ڕێفراندۆمی لەسەر كراوە و دەسەڵاتەكان گەڕاونەتەوە بۆ دەنگی خەڵك. بۆ نموونە لە ئیالەتی فەرانسەوی زمانی (كێبێك) لە كەنەدا، یان ئیالەتی ( كاتالۆنیا) لە (ئێسپانیا) یان سەربەخۆیی و جیابوونەوەی (سكاتلەند) لە ئینگەلتەرا و… كەوایە ڕێفراندۆم ڕێگایەكە بۆ ئەوەی نەتەوەیەك بە مافی نەتەوەیی خۆی بگات و سەربەخۆ بێت یان بیهەوێت بە شێوەی فێدراڵی یان كۆنفێدراڵی یان ئۆتۆنۆمی بە مافەكانی خۆی بگات.
دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین یەكێكە لە بنەماییترین مافە نێونەتەوەییەكان لە سەردەمی هاوچەرخدا. لە بەندی یەكەمی جاڕنامەی مافی مرۆڤدا جەخت لە سەر ئەم مافە كراوەتەوە و یەكێكە لە ئامانجەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان. جاڕنامەی مافی مرۆڤ، دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین وەك بنەمایەك ناو دەبات بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی دەوڵەتەكان و نەتەوەكان. مافی دیاریكردنی چارەنووس، بە تایبەت لە دوای پەسەند كردنی پەیماننامەكانەوە، وەك مافی خەڵك بۆ دیاریكردنی سیستمی سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی، لە ناوچەیەكدا كە تێیدا دەژین پێناسە كراوە. تا ماوەیەكی زۆر مشت و مڕ لە سەر ئەوە بوو كە (Self) لە دەستەواژەی (Self-Determination)دا بە چ كەسانێك دەوترێت؟ وەڵامەكان سنووردار و دیاریكراو بوون. خەڵكانی ناو وڵاتانی كۆلۆنیال كراو، ئەو خەڵكانەی وڵاتەكەیان لەلایەن بێگانەكانەوە داگیركراوە، ئەو خەڵكانەی كە بە هۆی ڕەگەز و ڕەنگیانەوە لەلایەن دەستە و گرووپێكیترەوە دەچەوسانەوە؛ ئاخۆ پێناسەی (Self) هەر بەمە كۆتایی دێت؟
كۆتایی هاتنی جەنگی سارد، وەك چۆن بەشێكی زۆر لە بنەماكانی یاسای نێونەتەوەیی تووشی گۆڕان كرد و كەوتنە ژێر كاریگەریی گۆڕانكارییە نوێكانەوە، كاریگەریشی هەبوو لە سەر پێناسەی مافی دیاریكردنی چارەنووس وەك بنەمایەكی حقووقی. گرینگیدان بە پرسی دێمۆكراسی، بەهاكانی دەسەڵاتی دێمۆكراتیك و مافی مرۆڤ لەلایەك و مافی كەمینەكان لە لایەكیترەوە ئەم بنەما حقووقی و یاساییەی لە باری ناوەرۆكەوە دەوڵەمەندتر كردەوە و بەهێزتری كرد. ئێستە ئیتر چەقی پرسیار دەربارەی مافی دیاریكردنی چارەنووس وەك مافێك توشی گۆڕان هاتبوو. ئەگەر پێشتر كێشە هەبوو لە سەر پێناسەی چەمكی (Self)، ئێستە ئەم پرسیارە لە ئارادابوو كە “خەڵك” – بەپێی پێناسە جیاوازەكانی لە دۆخە جیاوازەكاندا- بەپێی مافی دیاریكردنی چارەنووس تا چ ئاستێك و تا كوێ دەتوانن كاریگەرییان هەبێت لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان؟
مێژووی گەشەی چەمكی “مافی دیاری كردنی چارەنووس”
مرۆڤەكان هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت-شارەكانەوە هەوڵیانداوە بە شێوەیەك شوناسی نەتەوەیی-جوگرافیای- زمانی خۆیان بپارێزن، بەرگری لێ بكەن و لە پێناویدا بجەنگن. شوناسی خۆیان بەو ناوچە جوگرافیایی و پێكهاتە زمانی-سیاسی و ئابوورییەوە گرێداوەتەوە. خۆیان وەك بەشێك لە گشتێك پێناسە كردوە لەو بازنە دیاریكراوەدا. بەڵام وەك چەمك و باسكردن لە چەمكی “مافی دیاریكردنی چارەنووس” ئەم چەمكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٤٨و پەیماننامەی ئاشتی وێستفالیا (Peace of Westphalia). پەیماننامەی ئاشتی وێستفالیا پەیماننامەیەكە دوای جەنگی سی ساڵەی مەزهەبی لە ئەورووپا (١٦١٨-١٦٤٨) لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی لە ساڵی ١٦٤٨ واژۆ كرا. لەم پەیماننامەیەدا سەرجەم وڵاتانی ئورووپایی جگە لە بەریتانیا و لەهێستان ئامادە بوون. وێستفالیا یەكەم پەیمانی ئاشتیی چەند لایەنەیە لە دوای ڕێنسانس لە ئەورووپا. ئەم پەیمانە دواتر كۆمەڵێك پەیماننامەی گەورەی هاوشێوەی لێكەوتەوە لە نێوان وڵاتاندا كە سەرەنجام بوو بە یاسای نێونەتەوەیی. پەیمانی وێستفالیا سەرچەشن و بناغەی كۆمەڵی نەتەوەكان و دواتر ڕێكخراوی نەتەوەیە یەكگرتووەكانە.
لەم پەیماننامەیەدا جەخت كرایەوە لەسەر مافی یەكسان و بەرابەری وڵاتان وەك یەكەیەكی سیاسیی سەربەخۆ و بۆ یەكەمجار دان بەم مافەدا نرا. بەپێی ئەم پەیماننامەیە وڵاتانی سەربەخۆ مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسینیان هەیە و مافی ئەوەیان نییە دەست وەربدەن لە كار و باری یەكتر.
دوای زیاتر لە ٤ سەدە لە هاتنەبەرباسی مافی دیاریكردنی چارەنووس دەبێ بڵێین ئایدیای مافی دیاریكردنی چارەنووس بە هیچ شێوەیەك ئایدیا و چەمكێكی نوێ نییە. “لە سیستمی نەتەوەیەكگرتووەكاندا جەخت لەسەر ئەم خاڵە كراوەتەوە كە باسكردن لە مافی دیاریكردنی چارەنووس وەك بنەمایەكی حقووقی یەكێك لەو بوارانەیە كە دەستكەوتەكانی ئەم ڕێكخراوەیە لەو بوارەدا بەهایەكی مێژوویی و دیاری هەیە.” جگە لە خودی جاڕنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە كە لە مادەی ١ (٢) و مادەی (٥٥)دا ئاماژە دراوە بە مافی دیاریكردنی چارەنووس، لە چوارچێوەی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەروەها لە چوارچێوەی هاوكارییە ناوچەیی و هەرێمییەكانیشا باس لەم پرسە كراوە كە لە ژێر كاریگەریی دەسكەوت و چالاكییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شەقڵێكی گەورە كەوتە ناو چەمكی “دەوڵەتەكان” و “خەڵك”. لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، دوو ڕوانینی جیاواز لەسەر ئەم بنەمایە و بۆ پارێزگاری لە مافی خەڵك دەركەوتن. هەرچەند زۆركەس سەرۆك كۆمار وێلسن بە یەكەم كەس دەزانن كە چەمكی مافی دیاریكردنی چارەنووسی لە سەردەمی نوێدا بە كار هێناوە، بەڵام حیزبی كۆمۆنیستی ڕووسیا و لە سەردەمی لێنیندا ئەم ئایدیایە بە مانای جیاوازتر باسی لێوەكراوە.
دەیەی ١٩٦٠ لوتكەی چالاكی نەتەوە یەكگرتووەكانی بە مەبەستی پەرەپێدان بە مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسین وەك بنەمایەكی حقووقی بۆ ڕزگاربوون لە دەست داگیركاری و كۆلۆنیالیزم.
“راگەیاندنی بەخشینی مافی سەربەخۆیی بۆ وڵاتان و خەڵكانی كۆلۆنیال كراو” بەو هیوایەی ڕێگایەك بێت بۆ كۆتایی هاتن بە نەمانی كۆلۆنیالیزم پەسەند كرا. ئەم ڕاگەیاندنە كە بە ڕاگەیاندنی دژە كۆلۆنیالیزم یان نەمانی كۆلۆنیالیزم ناوی دەركردوە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە سەرجەم نەتەوەكان ئەو مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسینیان هەیە و ڕای دەگەیەنێت داگیركاری و كۆلۆنیالیزم دەبێت زۆر بە خێرایی و دەست بە جێ لەناو بچێت. بەپێی ئەم ڕاگەیاندنە كە لە پەسەندكراوی ١٥١٤ی كۆمەڵی گشتیدا گۆنجێندراوە و ساڵی ١٩٦٢ كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كۆمیتەی تایبەتی دژی كۆلۆنیالیزمی دامەزراند بۆ ئەوەی چاودیری ئەم ڕاگەیاندنە بكات و هەر پێشنیارێك كە هەیبوو لەم بارەوە بیدات و تێیدا جێبەجێ بكرێت. دوا بەدوای پەسەندكردنی ئەم ڕاگەیاندنە، ساڵی ١٩٦٦ پەیاماننامەی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی و پەیاماننامەی نێونەتەوەیی مافی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتووری پەسەند كرا. ماددەی ١ی هاوبەش هەر دوو پەیماننامەكە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە هەموو كەس و هەموو خەڵكێك مافی دیاریكردنی چارەی خۆنووسینیان هەیە. بەم پێیە، ئەوان دەتوانن ئازادانە دۆخی سیاسیی خۆیان دیاری بكەن و بەو پەڕی ئازادییەوە بكەونە شوێن پەرەپێدان بە گەشەی ئابووری، كۆمەڵایەتی و كولتووریی خۆیان.
لەمە بەدوا ئیتر “مافی دیاریكردنی چارەنووس” ببوو بە بنەمایەكی یاسایی نێونەتەوەیی و ئیتر ئەوە نەبوو تەنها وەك بنەمایەكی سیاسی چاوی لێ بكرێت. یەكەمجار بوو یاسایەكی نێونەتەوەیی ڕایدەگەیاند كە خەڵك لە دەوڵەتێكی سەربەخۆ و دەسەڵاتداردا ئەو مافەیان هەیە ئازادانە دەسەڵاتدارانی خۆیان هەڵبژێرین و حكوومەتێكی دێمۆكراتیكیان هەبێت و لە هەمانكاتدا وڵاتانی ئەندام گفتی ئەوە دەدەن خۆ ببوێرن لەوەی دەست وەربدەن لە كار و باری وڵاتانیتر و بۆیان نییە ببن بە هۆی بێبەری بوونی خەڵكانێك لە دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین.
بەم پێیە و دوای دەیان ساڵ مشت و مڕی یاسایی و حقووقی، وڵاتان بەو ئەنجامە گەیشتن كە دیاریكردنی مافی چارەی خۆ نووسین ببێت بە بنەمایەكی حقووقی و یاسایی، تەنانەت ئەگەر دژ بەو بنەمایە بێت كە پێی دەوترێت “ڕێزگرتن لە پاراستنی سنووری جوگرافیایی وڵاتان” یان ئەوەی كە پێی دەڵێن “تمامیت ارچی”.
سەرئەنجام:
ئەوەی كە ئەمڕۆكە وەك باسێكی یاسایی لە بەشێك لە وڵاتان باسی لێوەدەكەن و پێی دەڵێن مافی دیاریكردنی چارەی خۆ نووسین، باسێكە كە وەك دەسكەوتی دێمۆكراسی دەناسرێتەوە. وەستانەوە دژ بە خواستی نەتەوەكان بۆ دیاریكردنی چارەی خۆ نووسینیان پشت كردنە لە بنەماكانی دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ. لە ئێستادا سیاسەتی واقع (Real politic) زۆرجاران لەسەر بەرژەوەندییەكان كار دەكات و پشتكردن لە خواستی جەماوەر یان خەڵكانێك لەلایەن دونیای پەیامهێنەری دێمۆكراسییەوە پشتكردنە لە مافە بنەڕەتییەكان و دێمۆكراسی وەك ئایدۆلۆژیایەكی ئازادیخواز و ملكەچ بوونە بە سیاسەتی واقع.
ڕێفراندۆم بۆ دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین، گەڕانەوەیە بۆ بنەمایەكی یاسایی و مافێكی نێونەتەوەیی. میللەت و نەتەوەكان بۆیان هەیە و دەتوانن لە ڕێگای ڕێفراندۆمەوە یان لە هەر ڕێگایەكیترەوە بێت چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن. ڕێفراندۆم بۆ بەشێك لە نەتەوەكان دەتوانێت مێكانیزمێكی خەباتكردن بێت.