بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زاینیی کاک عەبدولحەمید حاجی دەروێش، سکرتێری گشتی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سوریە ، دوای ساڵانێکی زۆر خەباتی سیاسی لەتەمەنی ٨٤ساڵیدا لەشاری قامیشلۆماڵئاوایی لەژیان کرد.
کاک عەبدولحەمید دەروێش لەساڵی ١٩٥٧ی زاینیی یەکێک لە ئهندامانى دهستهى دامهزرێنهرى پارتى دیموكراتى كورد له سووریا بووە و ساڵی ١٩٦٢یش پارتی دێموكراتی پێشڤەڕۆی كوردی لە سووریا دامەزراند.
خەباتکارێکی ماندوونەناس و تێکۆشەر بووە لەپێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانی گەلی کورد لەکوردستانی ڕۆژئاوا و تەنانەت چەندین جاریش لەلایەن ڕژیمی بەعسی سووریەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە.
هاوکات دۆست و هاوڕێی دڵسۆزی خەباتی گەلی کورد لەکوردستان ڕۆژهەڵات بوو.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێز دەگرێت لەساڵەها خەبات و تێکۆشانی کاک «عەبدولحەمید دەروێش »و بێگومان مەرگی ئەم تێکۆشەرە دێرینە، ئێمەی خەمبار کردووە و هەروەها خەسارێکیشە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەکوردستانی ڕۆژئاوا، ئێمە بەم بۆنەوە سەرەخۆشی گەرمی خۆمان لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٩ی زاینیی
پەیامی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کورد هەڤاڵ «عەبدولحەمید حاجی دەروێش» سکرتێری گشتی پارتی دێموکراتی پێشڤەرۆی کورد لە سوریە
